کوردستان میشنێری ژماره‌ی 4، ساڵی 18، ئاوریلی 1926


نامه‌ی مارتا داڵ

دۆستانی ئازیز له‌ وڵات [ ئه‌مریکا]

مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ بوو به‌ ڕێگای " کوردستان میشنێری" دا پیرۆزبایی کریسمه‌ستان لێ بکه‌م به‌ڵام، کاتێک نیوه‌ی نامه‌که‌م ته‌واو کردبوو نه‌خۆش که‌وتم. ئه‌من پێم خۆشه‌ سپاسی هه‌مووتان بکه‌م  که‌ کارتی پیرۆزبایی کریسمه‌ستان بۆ ئێمه‌ ناردبوو.پێم خۆشه‌ بۆ هه‌رکامێکتان به‌ جیاواز و به‌ تایبه‌تی نامه‌ بنووسم و ڕه‌نگه‌ هه‌ر واش بکه‌م. ئه‌وه‌ هه‌ستێکی زۆر خۆشی له‌ من دا پێک هێنا‌ خه‌به‌ری ئێوه‌ ببیستم و بزانم که‌ ئێوه‌ ئێمه‌تان له‌ بیره‌. یه‌که‌م کریسمه‌سی من له‌ کوردستان کریسمه‌سێکی خۆش بوو.زۆر شاد بووم که‌ له‌ نه‌خۆشی هه‌ستاومه‌وه‌، نه‌خۆشییه‌کی ئاوای که‌ ته‌نانه‌ت بڕیاڕیان  دابوو له‌ کوێشم بنێژن. سپاس بۆ خوڵای‌ ئه‌و جاره‌ش‌ ده‌فریام هات و ڕزگاری کردم.هیوادارم ته‌واو بێمه‌وه‌ سه‌ره‌خۆ بۆ ئه‌وه‌ی درێژه‌ بده‌م به‌ خزمه‌ت کردنی.

ماوه‌یه‌کی کورت له‌ دوای کریسمه‌س ئێمه‌ له‌ حاکمی سه‌رده‌شته‌وه‌ نامه‌یه‌کمان بۆهات که‌ تێیدا نووسیبووی پێویستییان به‌ نێرسێکه‌.له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ هێنده‌ زۆرنین که‌ که‌سێکمان له‌ نێو دا هه‌ڵبژێردرێ ئه‌من ده‌بوو ئه‌و که‌سه‌بم که‌ بچێ. چونکه‌ ئه‌وه‌ یه‌که‌م سه‌فه‌ری من به‌ ته‌نێ بوو هێندێک دڵه‌خورپه‌م هه‌بوو.

حاکمی سه‌رده‌شت،7 ئه‌سپ، دوو سه‌رباز و سێ خزمه‌تکاری ناردبوو بۆ بردنی من. جگه‌ له‌وان میرزا حوسێن و کچێکیش له‌ گه‌ڵم بوون. بۆیه‌ ئێمه‌ جه‌ماعه‌تێکی ته‌واو بووین کاتێک‌ سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی جومعه‌، 8ی ژانڤییه‌ [1926] له‌ سابڵاغێ وه‌ڕێ که‌وتین. سه‌رله‌به‌یانییه‌کی زۆر جوان بوو. شه‌وێ به‌فرێکی ته‌نک باریبووبۆیه‌ هه‌موو جێیه‌ک سپی و جوان بوو. کۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی له‌ به‌ر ده‌گا. کاتێک ده‌بینن ئه‌سپه‌کان ئاماده‌ ده‌کرێن له‌هه‌موو لایه‌که‌وه‌ خه‌ڵک دێن بۆ ته‌ماشا کردن هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ئه‌مریکا خه‌ڵک غارده‌ده‌ن بۆ ته‌ماشا کردنی ئاور.

دوکتور[شاڵک] و سه‌عید بۆ ماوه‌یه‌ک به‌ سواری له‌گه‌ڵمان هاتن و به‌ڕێیان کردین. که‌ گه‌یشتینه‌ ده‌ره‌وه‌ی شاری دوکتور هێندێک وێنه‌ی هه‌ڵگرت. دوای ئه‌وه‌ی دوکتور گه‌ڕایه‌وه‌،ئه‌و سه‌ربازه‌ی که‌ به‌رپرسی جه‌ماعه‌ته‌که‌ بوو به‌ سواری ئه‌سپه‌که‌ی له‌ من نزیک بووه‌وه‌ و لێی پرسیم داخودا ده‌ترسێم یان نا؟ له‌کاتێک دا فیشه‌کدانه‌ دووقه‌ده‌که‌ی پیشان ده‌دام پێی گوتم: " نابێ بترسێی چونکه‌ هیچ شتێک سه‌ده‌مه‌ت پێ ناگه‌یێنێ." دوایه‌ ئه‌سپه‌که‌ی تاو دا و ده‌ستی کرد به‌ ته‌قه‌ کردن به‌ملاولا دا.

ئه‌من ده‌بێ په‌سنی بده‌م که‌ ئه‌و ده‌یتوانی له‌ یه‌ک کات دا هه‌م ئه‌سپه‌که‌ی غار بدا و هه‌میشه‌ ته‌قه‌ بکا. میرزا حوسێن پێی گوتم سه‌ربازه‌که‌ بۆ ڕێزلێنان له‌ من ئه‌وه‌ی کرد و بۆیه‌ له‌ جیات من سپاسی کرد.ئه‌و سه‌روسه‌کوتی زۆر مڕچ و مۆن و به‌هه‌یبه‌ت بوو به‌ڵام دیار بوو له‌ ژێره‌وه‌ دڵێکیش لێده‌دا. زۆرم پێ خۆش بوو‌ به‌ چاکه‌ باسی دایکی خۆی بۆ گێڕامه‌وه‌.مێهره‌وانییه‌کی زۆری له‌ ئاست من نیشان دا.

ئێمه‌ به‌ ته‌بیعه‌تێکی زۆر جوان دا تێده‌په‌ڕین، له‌ هه‌ورازان سه‌رده‌که‌وتین و ده‌هاتینه‌ خواره‌وه‌، له‌ هێندێک جێیان ڕێگه‌ هه‌ره‌ تێپه‌ڕگه‌یه‌کی ته‌نگ بوو. ئه‌من له‌وه‌ ده‌ترسام ئه‌سپه‌که‌ سه‌رسم بدا و له‌ پێچه‌کان دا ڕه‌ت به‌رێ. به‌ره‌و نیوه‌ڕۆ له‌و کاته‌ی دا که‌ ئێمه‌ به‌ دۆڵێکی زه‌نوێر دا تێده‌په‌ڕین  ڕۆژ ته‌واو گه‌رمی کردبوو ، ولێرو له‌وێش تووشی جۆگه‌ و جۆبار ده‌هاتین. زوو دیسان له‌ هه‌ورازان وه‌سه‌رکه‌وتین و له‌وێ به‌فر که‌وتبوو و دایدا بارانێ. ئه‌وده‌می‌ ئه‌من وه‌بیر بارانییه‌که‌م که‌وتبوومه‌وه‌ که‌ له‌ ماڵێ به‌جێمهێشتبوو. سه‌ربازه‌که‌ بارانی کابرایه‌کی پیری جه‌ماعه‌ته‌که‌ی خۆی له‌ به‌ری داکه‌ند و به‌منی دادا. ئه‌وه‌ به‌ درێژایی سه‌فه‌ره‌که‌مان چه‌ند جار ڕوویدا، جا بۆیه‌ ئه‌و پیاوه‌ پیره‌ به‌سته‌زمانه‌ هه‌ر ئه‌و کاتانه‌ی که‌ باران لێی ده‌کرده‌وه‌ و تاووساو بوو خێری له‌ بارانییه‌که‌ی خۆی ده‌دی. که‌ له‌و دێیه‌ی نزیک بووینه‌وه‌ که‌ شه‌وێ ده‌بوو له‌وێ مزڵ بگرین سه‌ربازه‌که‌ وه‌پیش که‌وته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاتنی ئێمه‌یان پێ ڕابگه‌یێنێ، و ئه‌وجار گه‌ڕاوه‌ بۆ پێشوازی لێکردنمان. کاتێک ئێمه‌ دابه‌زین ژووره‌که‌ گه‌رم بوو و ئاوی چاییش خه‌ریک بوو ده‌کوڵی.

 هێنده‌ی پێ نه‌چوو گوێمان له‌ کورکاندنی مریشکان بوو. وادیار بوو بۆ شه‌وێ خۆراکی مریشکمان ده‌ده‌نێ. خانمی دێیه‌که‌ هێنده‌ی پێ نه‌چوو هات بۆ به‌خێرهێنانمان. ئه‌و زۆر به‌ سوێوه‌ بوو ئێمه‌ بزانین‌ مێرده‌که‌ی خاوه‌نی ئه‌و دێیه‌یه‌، 15 ئه‌سپ و چه‌نده‌ نۆکه‌ر و قه‌ره‌واشیان هه‌یه‌ و ئه‌و به‌خۆی چ خانمێکی گه‌وره‌یه‌. ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و هیچ باسی نه‌کرد به‌ڵام، ئه‌من زۆر بۆم سه‌رنجڕاکێش بوو بزانم شه‌ش منداڵه‌ ژیکه‌ڵه‌کانی بوون. له‌ دێیه‌که‌ دا هیچ مه‌دره‌سه‌ نه‌بوو به‌ڵام کوره‌کان فێری خوێندنه‌وه‌ ده‌کران. ئه‌من نه‌مده‌توانی هه‌ستی به‌داخه‌وه‌ بوونم له‌ خۆم دوورکه‌مه‌وه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ‌ئه‌و منداڵه‌ ژیکه‌ڵانه‌ ده‌بێ له‌ که‌شوهه‌وایه‌ک دا گه‌وره‌ بن که‌ چ ده‌رفه‌تیان نابێ بچنه‌ مه‌دره‌سه‌.

هێندێک ژنی دیکه‌ش هاتن‌ له‌به‌ر ده‌رگاوه‌ که‌ کرابووه‌وه‌ چاویان لێ ده‌کردین. کاتێک ئه‌من سڵاوم لێکردن هه‌موویان هاتنه‌ ژوورێ و زۆریان پێ خۆشبوو قسه‌ بکه‌ن.میرزا حوسێن و ئه‌وکچه‌ی له‌گه‌ڵمه‌ هه‌ردووکیان که‌مێک ئینگلیسی ده‌زانن جا بۆیه‌ به‌ یارمه‌تی وان ده‌متوانی هێندێکیان قسه‌ له‌گه‌ڵ بکه‌م. یه‌ک له‌و پرسیارانه‌ی که‌ زۆرجار لێم ده‌کرێ ئه‌مه‌یه‌: " میرده‌که‌ت له‌ کوێیه‌؟" کاتێک پێیان ده‌ڵێم ئه‌من زه‌واجم نه‌کردووه‌ به‌ سه‌رسووڕمانه‌وه‌ چاوم لێده‌که‌ن. ئه‌وان بۆیان ناچێته‌وه‌ سه‌ریه‌ک چۆن شتی وا ده‌بێ. لێره‌ کاتێک کچێک ده‌گاته‌ ته‌مه‌نی 10 ساڵان ده‌ست ده‌که‌ن به‌وه‌ی بۆی به‌ دوای مێردێک دا بگه‌ڕێن.

دوای چێژ وه‌رگرتن له‌ شێوێک که‌ بریتی بوو له‌ مریشکی سووره‌وه‌کراو، نانی خۆماڵی و چای خواردنه‌وه‌ ئێمه‌ به‌ ده‌وری سۆبه‌یه‌ک دا دانیشتین و هه‌تا وه‌ختی نوستنێ قسه‌مان کرد. ئه‌وه‌ شوێنێکی گشتی بوو بۆ لادانی ڕێبواران بۆیه‌ چه‌ندین پیاوی دیکه‌ش هاتن و له‌وێ دانیشتن و سیغاریان ده‌کێشا، هێندێکان به‌ وه‌ره‌ق کایه‌یان ده‌کرد، هێندێک قسه‌یان ده‌کرد وهێندێکیش نوێژیان ده‌کرد. له‌ سه‌عات 2، به‌ پێی کاتی میرزا حوسێن، که‌ کاتی کوردییه‌، ته‌نیا سه‌عاتێکی که‌ ئێمه‌ ده‌بوو به‌ پێی وی ببزووینه‌وه‌ و، پێنج سه‌عات له‌ پێش کاتی ئێمه‌یه‌، داوا له‌ پیاوه‌کان کرا بڕۆن بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بتوانین بنووین. هه‌تا ئه‌وه‌ی که‌ دووکه‌ڵی سیغار بزر نه‌بوو و هه‌وای ژووره‌که‌ هێندێک ساردنه‌بووه‌وه‌ خه‌وم لێنه‌که‌وت.

به‌ری به‌یانی بۆ ڕۆژی دواتر ئێمه‌ درێژه‌مان دا به‌ سه‌فه‌ره‌که‌مان. شه‌وێ به‌فرێکی زۆر باریبوو، جا بۆیه‌ ئێمه‌ نیگه‌ران بووین چۆن له‌وکێوه‌ سه‌رکه‌شانه‌ی که‌ له‌پێشمان بوون سه‌رکه‌وین. دوای نزیکه‌ی 6 سه‌عات سواری له‌و ڕۆژه‌ دا له‌یه‌کێک له‌و شاخه‌ به‌رزانه‌ نزیک بووینه‌وه‌ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جه‌ماعه‌ت ده‌یانه‌ویست به‌یانی زوو به‌و شاخه‌ دا تێپه‌رن شه‌وێ له‌ دێیه‌کی که‌ ته‌واو گه‌وره‌ و جێیه‌کی ئاسووده‌ بوو ماینه‌وه‌.

بۆ به‌یانی ئه‌و شه‌وه‌ که‌‌ سه‌رله‌به‌یانییه‌کی ڕووناک، سازگار، و جوانی یه‌کشه‌مۆ بوو‌ وه‌ڕێ که‌وتین. حوسێن له‌ پێشه‌وه‌ی سواران بوو و به‌ ده‌نگ سروودی " خوڵام نیزیکترت"  Nearer My God to Theeی ده‌خوێنده‌وه‌. ئه‌وه‌ هه‌ستی ئه‌وه‌ی تێدا پێک هێنام که‌ ده‌بێ یه‌کشه‌مۆ بێ. ئه‌و ڕۆژه‌ جه‌ماعه‌ت ئاخری ناچاریان کردم زینی ئه‌سپه‌که‌م بگۆڕم وله‌ سه‌ر زینێکی ئاسووده‌ی خۆجیی دانیشم بۆ ئه‌وه‌ی دامپێچن چونکه‌ هه‌وا له‌ شاخه‌کان زۆر ساردی ده‌کرد، به‌ڵام نه‌متوانی خۆم بگرم و تا گه‌یشتینه‌ ترۆپکی شاخی، زینه‌که‌م هیچ پێ ئاسووده‌ نه‌بوو.ده‌تگوت هه‌موو گه‌ی به‌ده‌نم له‌ جێ چوون، جا بۆیه‌ تکام لێکردن با سواری ئه‌سپه‌ قاوه‌ییه‌که‌ی خۆم و زینی ئاسایی ببمه‌وه،به‌ دڵنیاییه‌وه‌ تووشی به‌فر ده‌هاتین. یه‌کێک له‌ خزمه‌تکاره‌کان جڵه‌وی ئه‌سپه‌که‌می ده‌کێشا و یه‌کی دیکه‌ش به‌ ته‌نیشتمه‌وه‌ بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئاگای لێم بێ نه‌که‌وم کاتێک ئه‌سپه‌که‌ به‌ نێو تۆپه‌ڵه‌ به‌فراندا بازی ده‌دا. بۆ ماوه‌یه‌ک ئێمه‌ ناچار بووین به‌ پێیان بڕۆین.زۆرم پێ سه‌یر بوو گوێم لێ دێبوو هه‌ر کاتێک ئه‌من ده‌نێو به‌فری ئه‌ستووردا ده‌که‌وتم پیاوه‌کان ده‌ستیان ده‌کرد به‌ دۆعا کردن.

ئێمه‌ ئاخره‌که‌ی گه‌یشتینه‌ دوندی شاخی. ده‌تگوت گه‌یشتوونه‌ته‌ ته‌شقی ئاسمانێ. هه‌موو جێیه‌ک مژ بوو. بریا زانیبام ئه‌و شاخه‌ چه‌نده‌ به‌رز بوو. که‌ له‌ شاخی ڕا به‌ره‌و داوێنی هاتینه‌ خوارێ  کاتی ئه‌وه‌ هاتبوو‌ بۆ شه‌وێ له‌ جێیه‌ک لابده‌ین. ئه‌و جاره‌ تووشی جێیه‌کی زۆر ئاسووده‌ نه‌هاتین. له‌ ماڵه‌که‌ دا له‌گه‌ڵ گا و مانگا و گوێدرێژان له‌ جێیه‌ک دا بووین. هه‌ر که‌ ده‌مانه‌ویست به‌ ده‌وری ئاور دا دانیشین که‌ له‌ نێوه‌ڕاستی عه‌رزی گڕی لێ هه‌ڵده‌ستا ئه‌من بڕێک کشامه‌وه‌ دوایه‌ و به‌ سه‌ر بێچوه‌ گوێلکێکی تازه‌ زاو دا که‌وتم که‌له‌ شیرن خه‌و دا بوو. له‌ سه‌ر سه‌کۆیه‌ک  دوو ژن خه‌ریک بوو نانیان ده‌کرد  و چه‌ند منداڵێکیش حه‌ولیان ده‌دا له‌ ده‌وری " ته‌ندوور" خۆیان گه‌رم که‌نه‌وه‌. ئێستا ده‌زانم بۆ ئه‌و هه‌موو منداڵانه‌ ده‌هێنن بۆ نه‌خۆشخانه‌ که‌ جێیه‌کیان سووتاوه‌. " ته‌ندوور" کونێکی گه‌وره‌یه‌‌ ده‌ عه‌رزی دا که‌ بۆ دروستکردنی نانی خۆماڵی به‌کاری ده‌هێنن و ئاوردووی ته‌پاڵه‌یه‌. ئه‌و ژنانه‌ی نانیان ده‌کرد به‌خێرهاتنیان کردین. ئه‌و خه‌ڵکه‌  داوای لێبوردن ناکه‌ن له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی جێگاکه‌یان باش نییه‌ . ته‌نێ پێمان ده‌ڵێن به‌ هاتنمان یه‌کجار خۆشحاڵن  و ئه‌وه‌ی هه‌یانه‌ ده‌مانده‌نێ.

دوای چا خواردنه‌وه‌ و بڕێک شت خواردن ئێمه‌ له‌وێ وه‌ده‌رکه‌وتین بۆ ئه‌وه‌ی جێیه‌کی باشتر بۆ نووستن ببینینه‌وه‌.

جێیه‌کمان دیته‌وه‌ که‌ ئاورگه‌که‌ی له‌ لایه‌ک بوو و شوێنێکیش بۆ ده‌رچوونی دووکه‌ڵ هه‌بوو و، ته‌نیا ئه‌سپێکیان له‌ ماڵێ دا بوو. دوای ئه‌وه‌ی که‌ شه‌وێکی خۆشمان به‌ده‌وری ئاور دا به‌ شه‌وچه‌له‌ خواردن، سروود خوێندنه‌وه‌ و قسه‌ کردن ده‌رباز کرد وه‌ختی ئه‌وه‌ بوو جێیه‌ک بۆ نوستن بدۆزینه‌وه‌.به‌ ته‌نیشت ئاوره‌که‌وه‌ جێیه‌کیان دا به‌ من و سارا و له‌وێ ته‌خته‌ خه‌وه‌که‌م دامه‌زراند. چوار منداڵ له‌ نزیک ئێمه‌ له‌ سه‌ر سه‌کۆیه‌ک نووستبوون و چاویان له‌ من بڕیبوو و دیار بوو کاتێکی خۆشیان هه‌یه‌. ئه‌من پێم وایه‌ ئه‌وه‌ یه‌که‌مجار بوو ببین که‌سێک له‌ سه‌ر ته‌ختی خه‌و ده‌نوێ.  جگه‌له‌وان چوارکه‌سی دیکه‌ش هه‌ر له‌ هه‌مان ژوور دا نوستبوون.

قوتوویه‌کی پچووک که‌ نه‌وتی تێکرابوو وه‌ک چرا داندرابوو و هه‌موو شه‌وه‌که‌ داییسا و بڕووسکه‌یه‌کیش چییه‌ هه‌وا له‌ ژووره‌که‌دا نه‌بوو. هه‌رکه‌ ده‌نگی کاوێژ کردنی ئه‌سپه‌که‌ ته‌واو بوو ئه‌من چاکم خه‌و لێ که‌وت.بۆ به‌یانی ڕا هه‌ستم کرد نا‌توانم له‌ سه‌ر پێم بڕۆم چونکوو ژانێکی زۆری ده‌کرد. ئه‌من هێشتا فێر نه‌بووم وه‌ک خه‌ڵکی خۆماڵی چوار مه‌شقه‌کی دانیشم بۆیه‌ ڕۆژی پێشووتر یه‌کێک پێی له‌ پێم نا.  ئه‌و ڕۆژه‌ ئێمه‌ ده‌بوو بگه‌ینه‌ سه‌رده‌شت. بۆیه‌ سه‌ربازه‌که‌ داوای لێکردم سواری ئه‌سپه‌ سپییه‌ جوانه‌که‌ی ئه‌و بم. سه‌ربازه‌کان هه‌ر دووکیان له‌ گشت سه‌فه‌ره‌که‌دا زۆر خۆش مه‌شره‌ب بوون. ئه‌و به‌یانییه‌ یه‌کێکیانم دی بڕێک تووڕه‌ بوو و دیاره‌ ئه‌من ئه‌وه‌م پێ خۆش نه‌بوو. ئه‌من نازانم کێشه‌که‌ چ بوو به‌ڵام یه‌كێک له‌وان قه‌مچییه‌که‌ی ده‌رکێشا له‌ پیاوێک بدا. میرزا حوسێن به‌ریوانی کرد و نه‌یهێشت لێیدا.

ئێستا ئه‌وه‌ له‌ سه‌رده‌شت نزیک ده‌بووینه‌وه‌ و ته‌بیعه‌ت زۆر جیاواز بوو. مه‌زرای که‌سک و داری زۆر.له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م وه‌رزه‌ دا دار گه‌ڵا ناکه‌ن ئه‌من بۆم ڕوون نه‌بووه‌وه‌‌ ئه‌و دارانه‌ چ جۆره‌ دارێکن.له‌ چۆمێکی گه‌وره‌ی جوان په‌ڕینه‌وه‌. ئاوه‌که‌ی ئه‌وه‌نده‌ قووڵ بوو که‌ ده‌بوو پێمان هه‌ڵکێشینه‌ سه‌ره‌وه‌ چونکه‌ ئاو له‌ ئاوزه‌نگیانی ده‌دا. دیسان له‌ هه‌ورازێک وه‌سه‌ر که‌وتین، به‌فرێکی زۆر که‌وتبوو و ته‌نێ ڕێپێڵگه‌یه‌کی خز هه‌بوو پێیدا باژوێین.‌ نزیک نیوه‌ڕۆ گه‌یشتینه‌ ماڵی سوڵتان [ فه‌رمانده‌ر‌ی نیزامی ئێرانی ]. ئه‌و له‌ به‌رده‌رگا هات به‌ پێشوازمانه‌وه‌، خۆی ناساند و ئێمه‌ی برده‌ نێوماڵه‌که‌ی که‌ بریتی بوو له‌ ژوورێکی فه‌ڕشکراو. زۆر مافووره‌ی جوانی هه‌بوو به‌ڵام چ مێز و کورسی نه‌بوو. دوای ماوه‌یه‌کی کورت شێوێکی خۆشیان داینێ. له‌ سه‌ر عه‌رزی نانمان ده‌خوارد به‌ڵام، ده‌وری و که‌وچک و چنگاڵیان دانابوو که‌ له‌م وڵاته‌ دا ئاسایی نییه‌. ئه‌من ئێستا زۆر به‌ باشی ده‌توانم به‌ ده‌ستیشم نان بخۆم. ته‌نێ کاتێک قاپێک سووپم له‌ پێشدا دا ده‌نێن به‌ بێ که‌وچک نازانم چبکه‌م و داده‌مێنم. ئه‌وانی ده‌ور و به‌رم به‌ ئاسایی‌ هه‌ست به‌ ده‌سته‌وه‌ستان بوونم ده‌که‌ن  و که‌وچکێکی داری گه‌وره‌م بۆ دێنین [ ئه‌سکوێ] و ئه‌وده‌می ئیدی سووپه‌که‌م پێ ده‌خورێ.

سوڵتان فارسه‌؛ ژنه‌که‌ی کورده‌ و دوو منداڵی خشپیلانه‌ی جوانیان هه‌بوو. دوای ده‌ ڕۆژ مانه‌وه‌ له‌ سه‌رده‌شت  ئێمه‌ به‌ره‌و بانه‌ ده‌چووین بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی ژنی فه‌رمانده‌ری ئه‌وێ بده‌م له‌ کاتی منداڵ بوونی دا. سه‌فه‌ر له‌ سه‌رده‌شته‌وه‌ بۆ بانه‌ ڕێگای دوو ڕۆژان  و وه‌رزشێکی ڕاسته‌ قینه‌ بوو. سوڵتان له‌وێوه‌ دووسه‌رباز و چه‌ند ئه‌سپی زۆر جوانی به‌ دوودا ناردبووین. له‌ سه‌رده‌شت چاومان به‌ ئه‌فسه‌رێک که‌وت که‌ له‌ بانه‌ خزمه‌تی ده‌کرد و وه‌ک دوکتوری سه‌بازان کاری ده‌کرد وله‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌کی ئینگلیسی هێندێک په‌روه‌رده‌ی دیتبوو. مرۆ که‌ به‌ کوردستان دا سه‌فه‌ر ده‌کا بچێته‌ هه‌ر کوێیه‌ک چاوی به‌ ئینسانی چاک ده‌که‌وێ. ڵێره‌ هیچ ڕێگای ئاسن ، هیچ جاده‌ی شاره‌ ڕێ یان ئوتومبیل نییه‌ به‌لام له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مرۆ ده‌توانێ زۆر به‌ خۆشی لێره‌ سه‌فه‌ر بکا.

له‌ نێوان ڕێگای سه‌رده‌شت و بانه‌ دا له‌و جێگایه‌ی بۆ شه‌وێ لامان دا خانه‌خوێ زۆر له‌گه‌ڵمان مێهره‌وان بوون و میواندارییه‌کی باشیان لێکردین،ته‌نانه‌ت به‌ گۆرانی گوتن و بلوێر ژه‌نین. هێندێک له‌ گۆرانییه‌ کوردییه‌کان  زۆر خۆشن به‌ڵام، هێندێکی دیکه‌یان موسیقییه‌کی ئاوایان له‌ گه‌ڵ نییه‌.دوکتوره‌که‌ و میرزا حوسێنیش گۆرانییان گوت. ئه‌وان هه‌ردووکیان ده‌نگیان زۆر خۆشه‌ و به‌ ڕاستیش چاکیان ده‌گوت. ده‌مه‌و ئێواره‌ی ڕۆژی دووه‌م  له‌ دووره‌وه‌ شاخێکی به‌رزمان دی به‌فر دای پۆشیبوو، و پێیان گوتین بانه‌ له‌ بناری ئه‌و شاخه‌ دایه‌. ئێمه‌ ئێستا له‌ ته‌ختانی دابووین و ده‌مانتوانی خێراتر باژوێین، بۆیه‌ به‌رله‌وه‌ی تاریک دابێ گه‌یشتینه‌ بانه‌. سوڵتانی ئێره‌ [ فه‌رمانده‌ری نیزامی] کورده‌ و ئێمه‌ وه‌ک له‌ ماڵی خۆمان بین وابوو‌. ئه‌و سوڵتانه‌ ژنێکی ژیر و سێ منداڵی خوێن شێرینی هه‌یه‌. جیاوازی نێوان  ئه‌م سوڵتانه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رده‌شت چووینه‌ ماڵی بۆمن زۆر چاوڕاکێش بوو. له‌ ماڵی سوڵتانی سه‌رده‌شتێ هیچ پیاوێک بۆی نه‌بوو بێته‌ ژوورێ چونکه‌ هیچ پیاوێک نه‌ده‌بوو ڕووی خانمه‌که‌ی ببینێ.

لێره‌ له‌ بانه‌ میزرا حوسێن هه‌ر هاته‌ ئه‌و ژووره‌ی که‌ ئێمه‌ی لێ بووین، و خانمی سوڵتان ته‌نانه‌ت کاتێک  قسه‌ی له‌ گه‌ڵ ده‌کرد رووی خۆی دانه‌ده‌پۆشی. له‌ بانه‌ دیتنه‌وه‌ی خانوو ئه‌سته‌مه‌ بۆیه‌ سوڵتان ده‌یه‌ویست  تاقه‌ ژووری خۆی به‌جێ بهێڵێ و بیدا به‌ ئێمه‌. ئێمه‌ ئه‌وه‌مان قه‌بووڵ نه‌کرد بۆیه‌ ئه‌وان داوایان له‌ خێزانێکی دراوسێیان کرد خۆیان بچنه‌ جێیه‌کی دی و ژووره‌که‌یان بده‌ن به‌ ئێمه‌. ‌ده‌بێ چه‌ند حه‌وتوویه‌ک لێره‌ بمێنینه‌وه‌. ئه‌و مێهره‌وانییه‌ی ئه‌و فه‌رمانده‌ره‌ له‌ گه‌ڵ ئێمه‌ی کرد و ئه‌و سه‌رنجه‌ی ده‌یدا‌ سه‌ر ئێمه‌  زۆری کاری تێکردم. ئه‌من ده‌پاڕێمه‌وه‌  ڕووناکایی ئینجیل ڕوحیان ڕوون دابگێڕێ. ئه‌گه‌ر وابێ ده‌بێته‌ هێزێکی  ته‌واو. له‌ ماوه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ دا زۆر نه‌خۆش هاتوونه‌لام ته‌ماشایان بکه‌م چونکه‌ لێره‌ هیچ دوکتورێک نییه‌. جگه‌ له‌وه‌ ئه‌من له‌ لای میرزا حوسێن ده‌رسی زمانان ده‌خوێنم، بۆیه‌ ڕۆژه‌کان خێرا ڕاده‌برن. ئێره‌ به‌ شاخه‌کانی پڕ له‌ به‌فرییه‌وه‌شوێنێکی زۆر جوانه.‌ خه‌ڵکی خۆشه‌ویست له‌ وڵات، به‌ دۆعا و دراوی خۆتان یارمه‌تیمان بده‌ن  بۆ ئه‌وه‌ی دروشمی " کوردستان بۆ عیسا" هه‌رچی زووتر وه‌دی بێ.

دڵسوزتان له‌ خزمه‌تی خوڵای گه‌وره‌ دا،

مارتا داڵ